ئەگەر لە ڕۆژێکدا مردی و ڕەشەبا بوو
ڕەنگە ڕۆحت بچێتە ناو لەشی بەورێکەوە.
ئەگەر لە ڕۆژێکدا مردی و باران بوو
ڕەنگە ڕۆحت بچێتە ناو لەشی گۆمێکەوە.
ئەگەر لە ڕۆژێکدا مردی و خۆرەتاو بوو
ڕەنگە ڕۆحت بچێتە ناو لەشی تیشکێکەوە.
ئەگەر لە ڕۆژێکدا مردی و بەفرانبار بوو
ڕەنگە ڕۆحت بچێتە ناو لەشی کەوێکەوە.
ئەگەر لە ڕۆژێکدا مردی و تەمتوومان بوو
ڕەنگە ڕۆحت بچێتە ناو لەشی دۆڵێکەوە.
بەڵام ئێستا وەک ئەبینین:
من زیندووم و شیعرتان بۆ ئەخوێنمەوە
کەچی ڕۆحم زۆر دەمێکە چۆتە جەستەو
ناو لەشی کوردستانەوە.
#شێرکۆ بێکەس
کتێبی:نسێ