زمانە زامنی مان و نەمانت
فەرامۆشی نەکەی ڕۆڵە زمانت
زمانی هەرهەموو دنیا بزانی
زمانی خۆت نەزانی هەر نەزانی*
زمانی خۆت زمانی پاکی شیری
کەرەستەی دەربڕینی بیری ژیری
زمانی خۆت زمانی دایک و منداڵ
زمانی پاک و بێگەردی گروگاڵ
زمانی هەست و سۆزی لاېەلاېە
یەکەم دەنگی زوڵاڵی داېە داېە
زمانی گیان، زمانی گیانیگیانی
زمانی جوانترین ڕۆژانی جوانی
زمانی ڕیشەداری کۆنی دەوران
زمانی هەرهەمیشە ماوی نەمران
بناخەی باوەڕ و بڕوابەخۆبوون
بە دەنگی خۆوە پێناسەی مرۆبوون
زمانی خۆشەویستیی خاک و زێدت
کلیلی کردنەوەی دەرکەی ئومێدت
زمانی دڵ زمانی مێهرەبانی
زمانی گوڵ زمانی ئاو و کانی
زمانی هەور و گرمە و نەرمەباران
بەرامەی پرچی سەوزی نەوبەهاران
زمانی چاوی ڕوون و بیری ڕۆشن
زمانی پەنجەرە و بەرکاز و ڕۆچن
زمانی پڕ لە عەشق و خۆشەویستی
لەئاستی نیشتمانا خۆنەویستی
بەڵێ ڕۆڵەی زمانشیرین و جوانم
ورەم هیوام هەناسەم هێزی گیانم
زمانت خشتە بۆ دانانەوەی خۆت
زمانت کە چەپەر بۆ مانەوەی خۆت
زمانت کە زمانی دڵ کەسی من
کەسی دواڕۆژی من فریاڕەسی من
زمانی هەرهەموو دنیا بزانی
زمانی دڵ نەزانی هەر نەزانی